ئه‌نساروولئیسلام به‌شداری له شه‌ڕی پێشمه‌رگه‌كانی حدك كردووه ... دیاری نه‌کراو
كوردستان و كورد: گرووپی تیرۆریستی ئه‌نساروولئیسلام به‌شداری له شه‌ڕی پێشمه‌رگه‌كانی حیزبی دیموكراتی كوردستان له ئێواره‌ی رۆژی 23ی گه‌لاوێژ كردووه‌و به ده‌یان كه‌سیان لێ كوژراوه‌و بریندار بووه.به پێی وته‌ی یه‌كێك له تێكۆشه‌رانی دیموكرات كه بۆ خۆی له شه‌ڕه‌كه‌دا به‌شدار بووه، هێزێكی زۆری ئه‌نساروولئیسلام شان به شانی جاش و به كرێگیراوانی رێژیم به‌شداری چالاكانه‌ی شه‌ڕه‌كه‌یان كردووه‌و به ده‌یان كه‌سیان لێ كوژراوه‌و بریندار بوون. به وته‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه ئه‌و هێزه‌ی كه به هێلی كوپتێر چه‌ند كاتژمێرێك به‌ر له ده‌سپێكردنی شه‌ڕه‌كه ده‌گوازرانه‌وه بۆ ناوچه‌ی شه‌ڕه‌كه، هێزه‌كانی ئه‌نساروولئیسلام بوون و سه‌ر به جه‌ماعه‌تی یه‌كێك له سه‌ركرده‌كانی ئه‌و گرووپه تیرۆریستییه به ناوی عه‌بدوڵڵا بوون.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه هه‌روه‌ها پێی راگه‌یاندین هێزه‌كانی ئه‌نسار به هۆی ئه‌وه كه شاره‌زای ناوچه‌ی شه‌ڕه‌كه نه‌بوون و جاش و به كرێگیراوه‌كانیان به باشی نه‌ده‌ناسی زۆر جار له كاتی ته‌نگانه‌دا ئێمه‌و جاشه‌كانی رێژیمیان لێ تێك ده‌چووو خۆیان به ئێمه‌وه ده‌ناساندو به زاراوه‌ی كوردی باشوور داوای یارمه‌تیان لێ ده‌كردین. ئه‌وه له كاتێك دا بوو كه هێزه‌كانی رێژیم پاش نزیك به كاتژمێرێك به هۆی به‌رنگاری قاره‌مانانه‌ی پێشمه‌رگه‌كانی حیزب پاشه‌كشه‌یان كردبوو.ئه‌و سه‌رچاوه‌یه له درێژه‌دا وتی یه‌كێك له هۆكاره‌كانی ئاشكرا نه‌كردنی ناوی كوژراوه‌كان له لایه‌ن رێژیمه‌وه ئه‌وه بووه كه زۆربه‌ی كوژراو‌و برینداره‌كان له هێزه‌كانی ئه‌نسار بوون، چونكه شه‌ڕه‌كه زیاتر ئه‌وان كردیان و تا نزیك به كاتژمێر 11ی شه‌و پاشه‌كشه‌یان نه‌كرد.
له لایه‌كی دیكه‌وه به پێی وته‌ی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی باوه‌ڕپێكراوی "كوردستان و كورد" ئه‌و هێزه‌ی كه رێژیم به هێڵی كوپتێر بۆ شوێنی شه‌ڕه‌كه‌ی ده‌گوازته‌وه له شاره‌كانی ورمێ و پیرانشار جێگیرن.
جێی وه‌بیر هێنانه‌وه‌یه كه له مانگه‌كانی رابردوودا ماڵپه‌ڕی "كوردستان و كورد" و چه‌ند ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندنی دیكه هه‌وڵه نهێنی‌یه‌كانی رێژیمیان بۆ راهێنانی گرووپی ئه‌نسار له ناوچه‌كانی پیرانشار‌و هه‌ورامانیان له قاوداو هه‌ر ئێستا زۆربه‌ی هێزكانی ئه‌نسار له ئێران نیشته‌جێن.













