هه‌موو رێگاكان ده‌چنه‌وه كه‌ركووك ... دیاری نه‌کراو
حوسێن ئهحمهدپوورله دێموكراسی‌یه ته‌وافوقییه‌كه‌ی عێراقدا پێده‌چێ كه به هێزترین ئه‌گه‌ر بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كه‌ركووك كه هه‌موو لایه‌نه‌كان جگه له كورد له‌سه‌ری رێك بكه‌ون ئه‌وه‌یه كه ئه‌و شاره وه‌كوو ناوه‌ندی هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆ بناسرێ
ئه‌گه‌رچی تا ئێستا ئه‌و شێوه چاره‌سه‌رییه له‌لایه‌ن هیچكام له هێزه دیاریكه‌ره‌كانی نێو گۆڕه‌پانی سیاسیی عێراق گه‌ڵاڵه نه‌كراوه‌و به‌رواڵه‌تیش بێ ئه‌م هێزو لایه‌نانه له ئاخاوتنه فه‌رمیه‌كانیان دا جه‌خت له‌سه‌ر پابه‌ند بوون به ده‌ستووری بنه‌ڕه‌تیی عێراق ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام جار به جار مقۆمقۆی ئه‌م شێوه چاره‌سه‌رییه له نێو میدیاكاندا له سه‌ر زاری هه‌ندێك سه‌ركرده‌و كه‌سایه‌تیی سیاسیی عه‌ره‌بی عێراق و ته‌نانه‌ت كاربه‌ده‌ستانی وڵاتانی دراوسێ‌و ده‌ره‌كی ده‌بیسین. ئه‌مه جگه له هه‌ڵوێستی هه‌ندێك هێزو گرووپی نێو كه‌ركووك وه‌كوو به‌ره‌ی توركمانی كه له باشترین حاڵه‌ت دا باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ده‌بێ كه‌ركووك وه‌كوو هه‌رێمی سه‌ربه‌خۆ بناسرێ.
ئه‌وه‌ی راستی بێ كێشه‌ی كه‌ركووك هه‌ر له سه‌ره‌تاوه تا ئێستا كێشه‌یه‌كی نێوخۆیی عێراق نه‌بووه‌و پێی به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی دراوسێی عێراق به تایبه‌ت توركیه‌و ئێران، كۆمه‌ڵه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌ب و رۆژئاوا به‌گشتی و له رۆژئاواش دا به‌تایبه‌ت ئه‌مریكاو بریتانیا كه‌وتۆته ئه‌و شاره‌وه. ئه‌گه‌رچی هه‌ندێك له به‌رپرسانی عێراق جاربه‌جار له به‌رانبه‌ر هه‌ندێك لێدوانی ده‌ره‌كی كه به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندا نابینن، به‌رواڵه‌ت راده‌گه‌یه‌نن كه كێشه‌ی كه‌ركووك كێشه‌یه‌كی نێوخۆیی عێراقه. كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه له‌م شاره كێشه‌كه‌ی زۆر له جاران ئاڵۆزتر كردوه‌و وێناچێ له داهاتوویه‌كی نزیك دا یه‌كلایی بكرێته‌وه، به‌تایبه‌ت ئێستا كورد به پێچه‌وانه‌ی رابردوو فاكته‌رێكی به‌هێزو كاریگه‌ره‌و هاوكات خاوه‌ن گه‌وره‌ترین به‌رژه‌وه‌ندییه له شاره‌كه‌داو ناكرێ وه‌كوو رابردوو به ئاسانی بكرێته قوربانی سات و سه‌ودا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان.
به سه‌رنجدان به‌و ئاڵۆزییه‌و پێكدادانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان، پێش بینی ده‌كرێ كه له داهاتوودا پێشنیاری چاره‌سه‌ری له شێوازی ناساندنی كه‌ركووك وه‌كوو هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆ بێته ئاراوه‌و زۆربه‌ی لایه‌نه‌كانی خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی جگه له كورد پێشوازیی لێ¬بكه‌ن. ئه‌مریكا كه تا ئێستاش گه‌وره‌ترین ده‌سه‌ڵاته له عێراق و رۆڵێكی كاریگه‌ر ده‌بینێ نایه‌وێ له ماوه‌یه‌كی نزیك دا كێشه‌ی كه‌ركووك یه‌كلایی بێته‌وه.
1 ـ بۆ ئه‌مریكاییه‌كان له دوای رووخانی رێژیمی به‌عسه‌وه تا ئێستاش گرینگ‌ترین مه‌سه‌له ئه‌وه‌یه كه عێراق سه‌قامگیری سیاسی به‌خۆیه‌وه ببینێ و له رووی ته‌ناهییه‌وه ئه‌و وڵاته به‌ره‌و هێوری بڕوات. ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت وای دابنێین بۆ ئه‌مریكا دیاری كردنی چاره‌نووسی كه‌ركووك له هیچكام له حاڵه‌ته‌كاندا (گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، ناساندنی وه‌كوو هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆ، و ...) گرنیگ نه‌بێ، ئه‌وه بۆ وڵاته یه‌كگرتووه‌كان گرینگ و بنه‌ڕه‌تییه كه نابێ هیچ كارێك له عێراقدا بكرێ كه دۆخی ئه‌منیه‌تیی ئه‌و وڵاته به‌ره‌و ئاڵۆزی زیاتر ببا. جۆرج بووش سه‌ركۆماری وڵاته یه‌كگرتووه‌كان له دوایین لێدوانی خۆیدا رۆژی رابردوو سه‌باره‌ت به كێشه‌ی بڕیاری هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان داوای له لایه‌نه ناكۆكه‌كان كرد كه دیالۆگی هێمنانه بكه‌ن. له یه‌ك حه‌وتووی رابردوودا نێوه‌ڕۆكی لێدوانه‌كانی به‌رپرسانی ئه‌مریكایی هه‌مووی له‌وه‌دا كورت بۆته‌وه بێ ئه‌وه‌یكه به ئاشكرا له لایه‌ن خۆیانه‌وه رێگه‌چاره‌یه‌ك پێشنیار بكه‌ن. ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا واتاداره.
2 ـ شه‌ڕی عێراق ئه‌مریكای له ناوچه‌كه‌داو به‌تایبه‌ت له نێو وڵاتانی عه‌ڕه‌بی له‌گه‌ڵ گرفتی نوێ رووبه‌ڕوو كرد. به باوه‌ڕی زۆر یه‌ك له له كارناسانی ئه‌مریكایی ئاستی نفووز‌و كارایی دیپلۆماسیی وڵاته یه‌كگرتووه‌كان له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست دابه‌زیوه ـ ته‌نانه‌ت پێش بینی ده‌كرێ كه له ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنی دیموكراته‌كان له هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌ركۆماری ئه‌مریكا، ئۆباما تایبه‌ت كار له سه‌ر سڕینه‌وه‌ی سیمای خراپی دیپلۆماسیی سه‌رده‌می جۆرج بووش له ناوچه‌كه‌دا بكا ـ . هه‌ربۆیه وڵاته یه‌كگرتووه‌كان به هۆی هه‌ستیاریی كێشه‌كه به پارێزی هه‌رچی زیاتره‌وه ده‌جووڵێنه‌وه‌و هه‌ڵوێستی وڵاتانی عه‌ره‌بی و به تایبه‌ت توركیه، سه‌باره‌ت به كێشه‌ی كه‌ركووك به هه‌ند وه‌رده‌گرێ.
3 ـ هه‌وه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان پێدا هه‌نووكه كورد فاكته‌رو یاریكه‌رێكی به‌هێز له عێراق و ناوچه‌كه دایه، هه‌ر بۆیه ناكرێ به ئاسانی پشت گوێ بخرێ. گه‌وره‌ترین گرفتی كورد ئه‌وه‌یه كه له ناوچه‌و له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی دا پشتیوانێكی ئه‌وتۆو جیددیی نیه.
گرینگی فاكته‌ری كورد زیاتر بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه له ئه‌گه‌ری له به‌ر چاونه‌گرتنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ده‌توانێ ته‌ناهیی ناوچه‌كه له‌گه‌ڵ گرفتێكی گه‌وره رووبه‌ڕوو بكاته‌وه.
4 ـ كارتی تێكدانی باری ته‌ناهیی عێراق و ناوچه‌كه به شێوازی جۆراوجۆر به ده‌ست پێكهاته‌كانی دیكه‌ی عێراقیشه‌وه هه‌یه. پاش رووخانی رێژیمی به‌عس زۆربه‌ی هێزو لایه‌نه سیاسی‌یه‌كانی عه‌ره‌بی عێراق به شیعه‌و سوونی‌یه‌وه هاتنی سوپای ئه‌مریكایان به پێچه‌وانه‌ی كورده‌كانه‌وه به داگیركاری له قه‌ڵه‌م دا‌و به‌شێك له‌م هێزو لایه‌نانه بۆ به چۆك داهێنانی سوپای داگیركه‌ر كه په‌نایان بۆ تیرۆریزم و ملیشاگه‌ری برد. به‌ڵام به تێپه‌ڕ بوونی كات و له به‌رانبه‌ر وه‌رگرتنی ئیمتیاز له ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانان به‌ره‌به‌ره ئه‌م هێزانه تێكه‌ڵ به پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق بوون و ئێستا ده‌یبینین كه رۆژ به‌دوای رۆژ باری ئه‌منیه‌تی عێراق به‌ره‌و هێور بوونه‌وه ده‌ڕوات. ئه‌م هێزانه هاوكات له‌گه‌ڵ تێكه‌ڵ بوون به پرۆسه‌ی سیاسی به ته‌واوه‌تی ده‌ستیان له تیرۆریزم و ملیشیا گه‌ری هه‌ڵنه‌گرتووه‌و له رێگه‌ی ئه‌م چه‌كه‌شه‌وه بۆ وه‌رگرتنی ئیمتیازی زیاتر به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه له ئه‌مریكا ده‌كه‌ن. هه‌ر بۆیه ده‌بینین وڵاته یه‌كگرتووه‌كان به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌م هێزانه زۆر به باشی ده‌خوێنێته‌وه‌و گرینگ‌یان پێ ده‌دا.
به سه‌رنجدان به‌و هۆكارانه‌ی سه‌ره‌وه له لایه‌ك و له لایه‌كی دیكه‌وه به سه‌رنجدان به‌و راستییه‌ی كه چاوه‌ڕوان ناكرێ هیچ كام له پێكهاته‌كانی دیكه‌ی عێراق و وڵاتانی دراوسێ به ئاسانی مل بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركووك بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان بده‌ن و تا ئێستاش نزیكترین دۆست و هاوپه‌یمانه‌كانی كورد به پشتیوانیی وڵاتانی ده‌ره‌كی له به‌رده‌م جێبه‌جێ كردنی ماده‌ی140ی ده‌ستووری بنه‌ڕه‌تی رێگری ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها دڵنیایی ئه‌مریكاییه‌كان له كورده‌كان كه به ئاسانی ناتوانن كه‌ڵك له هێزی سه‌ربازی وه‌رگرن، پێش بینی ده‌كرێ ئه‌مریكا چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كه‌ركووك بۆ داهاتوویه‌كی تا راده‌یه‌ك دوور به‌جێ بهێڵێ. دواتریش هه‌وڵ بدا به چاره‌سه‌رییه‌كی مامناوه‌ندی كێشه‌كه كۆتایی پێ بهێنێ، كه ئه‌م چاره‌سه‌رییه مامناوه‌ندی‌یه‌ش شتێك نابێ جگه له ناساندنی كه‌ركووك وه‌كوو هه‌رێمكی سه‌ربه‌خۆ له نێو عێراق دا.
لێره‌دا پرسیاری گرینگ ئه‌وه‌یه كه تۆ بڵێی كورد‌و سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی له باشووری كوردستان مل بۆ وه‌ها گه‌ڵاڵه‌یه‌ك بدا‌و له ژێر فشاردا قه‌بووڵی بكا. ئه‌وه‌ی كه له چه‌ند ساڵی رابردوودا له هه‌ڵوێستی سه‌ركردایه‌تیی كوردستان به‌دی كراوه ئه‌وه‌یه كه كورد به هیچ نرخێك سازش له سه‌ر كه‌ركووك و ناوچه دابڕاوه‌كانی دیكه‌ی كوردستان ناكا. به‌ڵام ره‌خنه‌گرانی كورد وێڕای به‌رز نرخاندنی ئه‌م هه‌ڵوێسته ره‌خنه له سه‌ركردایه‌تیی كورد ده‌گرن كه له كرده‌وه‌دا لاواز جووڵاوه‌ته‌وه‌و نه‌یانتوانیوه به ته‌واوی له كارته‌كانی فشارهێنان بۆ سه‌ر هاوپه‌یمانان و دژبه‌ران كه‌ڵك وه‌رگرێ و ته‌نیا به دیپلۆماسی قه‌ناعه‌تیان هێناوه. له روانگه‌ی ره‌خنه‌گرانه‌وه یه‌كێك له‌و كارته فشارانه وه‌ڕێخستنی خه‌باتێكی مه‌ده‌نی و جه‌ماوه‌ریی به‌رده‌وامه كه له رێگه‌ی ئه‌وه‌وه وێڕای به‌هێز بوونی یه‌كیه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی كوردان، هاوكات پاڵپشتێكی به‌هێز بۆ دیپلۆماسیی سه‌ركردایه‌تی كوردستان له به‌غداو ده‌ره‌وه ده‌بێ.
دێموكراسی‌یه ته‌وافوقییه‌كه‌ی عێراق كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ده‌كرێ بڵێین به‌رهه‌می ئاماده‌یی فاكته‌ری كورد بووه له به‌غدا، به له‌به‌رچاوگرتنی گرینگی و هه‌ستیار بوونی كێشه‌ی كه‌ركووك و ... له به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره دایه. هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك له لایه‌ن هه‌ر لایه‌نێكه‌وه ده‌توانێ ئه‌م دیموكراسی‌یه هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌شی كاره‌ساتی لێ ده‌كه‌وێته‌وه. هه‌ر بۆیه ده‌توانین بڵێین كه‌ركووك ئه‌و شاره‌یه كه هه‌موو رێگاكان ده‌چنه‌وه ئه‌وێ.













