کۆڕی پرسه و رێزگرتن له خه‌بات و هونه‌ری نه‌مر سمایل سه‌رده‌شتی له وڵاتی فینلاند ... دیاری نه‌کراو
کوردستان و کورد: رۆژی چوارشه‌ممه به به‌شداریی ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له کوردستانیانی نیشته‌جێی وڵاتی فینلاند، ئه‌ندامان و به‌رپرسانی حیزبی دێموکراتی کوردستانلهم وڵاته و چه‌ند که‌س له خزمان و که‌س‌وکاری هونه‌رمه‌ند، کۆرێکی پرسه و رێزگرتن له خه‌بات و تێکۆشانی هونه‌رمه‌ند سمایل سه‌رده‌شتی، به ده‌سپێشخه‌ریی کۆمیته‌ی هه‌رێمی تورکوی حیزبی دێموکراتی کوردستان له شاری تورک‌و به‌ڕێوه‌چوو. له‌سه‌ره‌تای کۆڕه‌که‌دا قادر مه‌کڵاوه‌یی به ناوی کۆمیته‌ی حیزب به‌خێرهاتنی ئاماده‌بوانی کرد و په‌ژاره و خه‌می حیزبی دێموکراتی کوردستانی به بۆنه‌ی کۆچی ناواده‌ی هونه‌رمه‌ند سمایل سه‌رده‌شتی پێڕاگه‌یاندن. دواتر تێکۆشه‌ری دێرین مامۆستا ئه‌بوبه‌کر فه‌لسه‌فی، به چه‌ند وته‌یه‌ک رێزی له خه‌بات و هونه‌ری نه‌مر سمایل سه‌رده‌شتی گرت و له وته‌کانیدا به ئاماژه به چه‌ندین ئایه‌ت له قورئانی پیرۆز، مه‌رگی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی به شه‌هاده‌ت پێناسه کرد و رایگه‌یاند که به پێی ناوه‌رۆکی 21 ئایه‌ت له قورئانی پیرۆز، که‌سێک که له سه‌ر خاک و ئازادیی خۆی ده‌ربه‌ده‌ر کرابێ و له ده‌ربه‌ده‌ری دا گیانی له ده‌ست بدا، شه‌هیده. مامۆستا فه‌لسه‌فی له درێژه‌ی وته‌کانیدا پێناسه‌ی بۆ وشه‌ی شه‌هید کرد و وتی که شه‌هید به مانای شاهید و نه‌مره و به که‌سێک ده‌وترێ که وه‌کوو شاهیدی مێژوو ده‌مێنێته‌وه و بێگومان سمایل و خه‌بات و هونه‌ره‌که‌شی له مێژودا به نه‌مری ده‌مێننه‌وه. به‌دوای وته‌کانی مامۆستا ئه‌بوبه‌کر فه‌لسه‌فی، که‌ریم ره‌سوڵی چه‌ند وته‌یه‌کی له یادی هونه‌رمه‌ند سمایل سه‌رده‌شتی دا پێشکه‌ش کرد و وتی؛ سمایل سه‌رده‌شتی له‌و کاته‌دا که باوکی به‌هۆی به‌شداریی له خه‌باتی تێکۆشه‌رانی حیزبی دێموکرات له ساڵانی 46 – 47دا په‌ڕیوه‌ی باشووری کوردستان ببو، بنه‌ماڵه‌که‌ی له شاری قه‌ڵادزێ گیرسابوونه‌وه که به‌هۆی بۆردومانی ساڵی 74ی ئه‌و شاره، ناچار بوون قه‌ڵادزێش به‌جێ بێڵن و به‌مجۆره دوای چه‌ندین جار ئاواره بوون، سمایل له گوندی "دووبێ"ی ناوچه‌ی قه‌ڵادزێ له دایکبوو. به‌م جۆره نه‌مر سمایل سه‌رده‌شتی وه‌کچۆن له ئاواره‌یی دا له دایکبوو و به داخه‌وه له ئاواره‌ییش دا گیانی له ده‌ستدا. له درێژه‌ی کۆڕیاده‌که‌دا مامۆستا نزار کوێستانی په‌خشانێکی به‌م بۆنه‌وه پێشکه‌ش کرد، دواتر مووسا لیلانه‌یی په‌یامی کۆمه‌ڵه‌ی کوردیی شاری تورکوی خوێنده‌وه و عوسمانی رابه‌ش به خوێندنه‌وه‌ی په‌یامی کۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه دێرینه‌کانی کوردستان، درێژه‌ی به کۆڕیاده‌که دا. دواتر هه‌ر یه‌ک له سه‌ید که‌ماڵ حوسێنی و شڤان جگه‌رخوێن به پێشکه‌ش کردنی چه‌ند پارچه موزیک و گۆرانی رێزیان له هونه‌ری نه‌مر سمایل سه‌رده‌شتی گرت. له کۆتایی ئه‌م کۆریاده‌دا فه‌قێ حه‌سه‌ن ئیبراهیمی ئامۆزای نه‌مر سمایل سه‌رده‌شتی، سپاسنامه‌ی بنه‌ماڵه‌ی ئیبراهیمی پێشکه‌ش به ئاماده‌بوان، حیزبی دێموکراتی کوردستان و خه‌ڵکی کوردستان کرد و وتی؛ سمایل ته‌نیا هی بنه‌ماڵه‌که‌ی نه‌بوو، ئه‌و هی هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان بوو. ![]() |














