بیست‌و پێنجه‌مین ساڵی ئیعدامی به‌كۆمه‌ڵی 59 لاوی كورد ... دیاری نه‌کراو
موعته‌سه‌م نوورانیشهوهدرهنگانه دانیشتووم، چاو به ده‌فته‌ری بیره‌وه‌رییه‌كانم دا ده‌گێڕم. رۆژی 12ی جۆزه‌ردانی 1362ی هه‌تاوی وه‌ك بیره‌وه‌رییه‌كی تاڵ‌و زامێكی به ژان له ده‌فته‌ره‌كه دا تۆمار كراوه. 25 ساڵ له‌وه پێش، ئێواره‌ی رۆژی 12ی جۆزه‌ردان،
من، ئه‌حمه‌د مه‌كاییلی، عه‌بباس چریك، حه‌سه‌ن قاره‌مانی و مه‌لاعه‌زیز حوسێنی، كادره‌كانی كومیته‌ی محال، له ناوچه‌ی مه‌هاباد، له‌گوندی خاتوونباغ، له ماڵی مه‌لاره‌حمانی خودادادی، كه مه‌لای ئاوه‌دانی و ئه‌ندامێكی دڵسۆزی حیزبی و كوردێكی نیشتمانپه‌روه‌ر بوو دانیشتبووین چامان ده‌خوارده‌وه (عه‌بباس چریك شه‌هیدبوو، ئه‌حمه‌د مه‌كاییلی و ماموستا مه‌لا ره‌حمانیش به ره‌حمه‌ت بن له ژیان دا نه‌ماون ). قادری كه‌ریم بارامی ناسراو به قاله زله به ره‌حمه‌ت بێ، به هه‌ڵه داوان و به پڕتاو خۆی به ژوورێ دا كرد، دیار بوو زۆر په‌شۆكاو بوو زۆر به ناره‌حه‌تی گوتی:
ئه‌وه بۆ دانیشتوون، هه‌ستن وه‌رنه ده‌رێ، دنیا وێران بوو، شار شڵه‌ژاوه، عاله‌م قوڕی بۆ گیراوه‌ته‌وه، خه‌ڵكی مه‌هاباد به جارێك تازیه‌بار و ره‌شپۆشن. 59 لاوی قاره‌مانی مه‌هابادی، 59 لاوی كورد ئیعدام كران.
ئێمه هه‌موومان به بیستنی ئه‌و هه‌واڵه دڵته‌زێنه، ماتمبار و ناره‌حه‌ت بووین. غه‌م‌و په‌ژاره سه‌راپای وجوودی داگرتین. رێژیمی كۆماری ئیسلامی به ئێعدام كردنی ئه‌و 59 لاوه بێ تاوانه، 59 بنه‌ماڵه‌ی ره‌شپۆش كرد. 59 دایك‌و باوكی جگه‌رسووتاوو دڵ هه‌ڵقرچاوو تازیه باركرد. خه‌ڵكی شاری مه‌هاباد، شاری پێشه‌وای، ره‌شپۆش كرد‌و له راستی دا هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانی غه‌مبار كرد. دروست ڕۆژی 26 ی گه‌لاوێژی 1362 كه رێژێم هێرشی كرده سه‌ر ناوچه‌ی محاڵ، له گوندی خاتوونباغ پایه‌گای دانا. به‌شێكی زۆر له لاوانی گوندی خاتونباغی گرت و ڕه‌وانه‌ی زیندانی سوپای پاسدارانی مه‌هابادی كردن. هه‌ر ئه‌و ڕۆژه منیش له‌وێ گیرام‌و بردیانم بۆ زیندان كه گه‌یشتمه ده‌ركی زیندان، چاویان به‌ستم و بردیانمه ژووری زیندان. له وێ زیندانی كرام. 22 لاوی خاتوونباغ له ژوورێك دا زیندانی بوون به منه‌وه بووینه 23 كه‌س. چاوم كرده‌وه و دیتم كه مامۆستا مه‌لا ره‌حمان و عومه‌ری باجه‌حوله‌ی به ره‌حمه‌ت بن، له گه‌ڵ جه‌معێك له لاوه‌كان گیرابوون وله وێ دانیشتبوون، ئه‌و ژووره‌ی كه ئێمه‌یان ده‌وێ كرد بوو، ژوورێكی 6میتر به 6 میتر بوو. كه‌سێكی زۆر دێزه‌و دڕنده به‌رپرسی زیندان بوو پێیان ده‌گوت براده‌ر عه‌ره‌ب. براده‌ر عه‌ره‌ب ده‌هات‌و ده‌چوو، لێمان تووره ده‌بوو، هه‌ره‌شه‌ی ده‌كرد، به ته‌واوی ترس‌و خۆف‌و دڵه‌ڕاوكێ هه‌موومانی داگرتبوو. به‌ڵام چونكه من پێشمه‌رگه بووم‌و گیرا بووم له هه‌مووان زیاتر ناره‌حه‌ت و نیگه‌ران بووم به تایبه‌ت شتێكی كه سه‌رنجی منی راكێشا ئه‌وه بوو كه به‌شێكی زۆر له‌و 59 لاوه هه‌ر له‌و ژووره دا زیندانی كرا بوون و له وێ را بردبوویانن بۆ ئیعدام. چونكه هه‌موویان ناوی خۆیان له سه‌ر دیواری ژووره‌كه نووسیبوو. سه‌عات 12ی شه‌وی 12ی خه‌رمانانی 62 كه دروست 3مانگ بوو ئه‌و 59 لاوه ئیعدام كرابوون، من‌و مامۆستا مه‌لا ره‌حمان له ژووری زیندانه‌كه دا دانیشتبووین باسی ئه‌و ڕۆژه‌مان ده‌كرد كه قاله زله هات‌و هه‌واڵی ئیعدامی ئه‌و59 لاوه‌ی پێ داین. چاوم به دیواره‌كه دا گێرا زۆر له‌و شه‌هیدانه یادگاری‌و بیره‌وه‌ریی خۆیان به شێعرێك یا ئیمزای خۆیان له سه‌ر دیواری زیندانه‌كه نووسیبوو.
به‌شێكی زۆریان كه ناویان به سه‌ر دیواری ژووری زیندانه‌كه‌وه بوو ئه‌وانه بوون : سه‌ید برایم سه‌ید ئه‌حمه‌دی، خاله‌ق بارزانی ، كه‌مال كه‌ریمی، هه‌ژار كه‌ریمی، عه‌لی سه‌لاحی، وه‌فا ئه‌لیاسی، عه‌لی غه‌واره، عه‌بباس یوسفی، محمد مه‌سعوودی، سوله‌یمان حوسێن زاده، ره‌حمان خزرپوور، خالید سه‌فایی، خالید ره‌حیمی ئازه‌ر، سالح فه‌رهوودی، كه‌ریم ره‌حیمیان، كه‌ماڵ چاوشینی، مسته‌فا فه‌قری، مه‌لا حه‌سه‌ن لاجوه‌ردی، محه‌ممه‌د ئه‌مین سه‌فایی، عه‌بدوڵا ته‌حریریان، هومایوون نیلووفه‌ری، محه‌ممه‌د عه‌لیاڵی، برایم ئه‌مینی، حوسێن كه‌ڵهوڕی، یووسف ئه‌یازی، عه‌لی گولپه‌رست، شوكر نادری، یوسف حه‌بیب په‌نا، سالح مام ئیبراهیمی، یوسف حه‌سه‌ن زاده، ره‌حمان ره‌حیمی........... چه‌ند شێعرم كه له بیرماوه كه سه‌ردیواری زیندان نووسیبوویان. یه‌كێك له‌و لاوانه نووسیبووی:
" آ‌ه چقدر عزیز است اغوش گرم مادر".
لاوێكی دیكه ئه‌و شیعره‌ی مامۆستا هێمنی نووسیبوو:
"گه‌لێك جاران له چاڵاوی ره‌ش كه‌وتم
هاتمه‌وه ده‌ر هه‌دام نه‌دا نه‌سره‌وتم"
یه‌كێكی دیكه نووسیبووی :
" دانه فلفل سیاه و خال روی محبوبان سیاه
هردو جان سوزند اما این كجا و آ‌ن كجا"
یه‌كێكی دیكه له‌و لاوانه شێعریكی ئاره‌شی كه‌مانگیری له‌سه‌ر دیواره‌كه نووسیبوو كه به‌راستی زۆری كاریگه‌ری له‌سه‌ر من دانا كه نووسیبووی:
"آ‌ری آ‌ری زندگی زیباست
زندگی آ‌تشگهی دیرنده پابرجاست
گر بیفروزیش رقص شعله‌هاش درهركران پیداست
وه‌رنه خاموش است و خاموشی گناه ماست".
ئه‌و شتانه‌وگه‌لیك شتی‌تری له‌و بابه‌ته‌یان له سه‌ر دیواره‌كانی زیندان نووسیبوو و به هیوایه‌كی زۆر به داهاتوو، كه له‌و چاڵه‌ره‌شانه نه‌جاتیان بێ‌و بگه‌ڕێنه‌وه ناو باوشی گه‌رم و پڕ خۆشه‌ویستی دایك‌و باوكیان. به‌ڵام تاریك په‌رستان و شه‌مشه‌مه كوێره‌كانی قوم و تاران بڕیاریان دابوو كه له جیاتی ئازادی، سه‌ربه‌ستی، خێر وخۆشی بوكوردستان، ئیعدام وكوشت وكوشتار و تاڵان و وێرانی بكه‌نه دیاری و، له جیاتی ئازادی وشادی و پێكه‌نین، ره‌شپوَشی وگریان به دیاری بێنن. له جیاتی ئازادیی ئه‌و لاوه كوردانه، به كومه‌ڵ كردیاننه ئامانجی گولله و سینگی پر له هیوا و ئامانجیان دابێژ دابێژ كردن. رێژیم ویستی به شه‌هید كردنی به كۆمه‌ڵی ئه‌و 59 لاوه بێ دیفاعه، كه ته‌نیا و ته‌نیا به تاوانی كورد بوون و وه‌فاداری به ئامانجی پیروزی گه‌له‌كه‌یان، ئازادی ودێموكراسی گیرابوون، خه‌ڵكی كوردستانی پێ چاوترسین بكا. غافڵ له‌وه‌ی كه ئیراده‌ی پۆڵایینی خه‌ڵكی كوردستان به ئێعدام، زیندانی كردن‌و تۆپ باران‌و كوشت‌و كوشتار تێك ناشكێ. ئه‌و خوێنه به ناحه‌ق ڕژاوانه بوونه رق‌و قین چونه ناو دڵ‌و ده‌ماری خه‌ڵكی تینووی ئازادی‌و ڕێبوارانی ڕێگای شه‌هیدان، بون به باڕوت‌و ئاگر‌و له لووله‌ی تفه‌نگی پێشمه‌رگه‌دا ده‌نگی دایه‌وه . خوێنی به ناحه‌ق ڕژاوی ئه‌و لاوانه كه له راستی دا زۆریان په‌یوه‌ندییان به هیچ رێكخراوێكی سیاسی‌یه‌وه نه‌بوو، بوو به گڕكان، و ئاگر‌و گولله و له چیا سه‌ركه‌شه‌كانی كوردستان، له چه‌كی ده‌ستی پێشمه‌رگه‌دا وه‌زمات هات‌و لمبۆزی داگیركه‌رانی كوردستانی له خاك‌و خۆڵ وه‌ر دا.
یادی 59 لاوی شه‌هیدی مه‌هابادی به‌ڕێزو، بیره‌وه‌ریی مه‌رگی سه‌ربه‌رزانه‌یان رووناكیده‌ری مه‌شخه‌ڵی خه‌باتمان بێ.












