ئاسۆی حه‌سه‌نزاده: کۆنگره‌ی چارده سه‌نتێزێکی مه‌عقولی سازکرد له‌نێوان نوێبوونه‌وه‌و ره‌سه‌نایه‌تیدا ... دیاری نه‌کراو
دیمانه: سۆران پاڵانیتێبینی: ئه‌م چاوپێکه‌وتنه سه‌ره‌تا بۆ گۆڤاری "لڤین" ئه‌نجام دراوه و دواتر له گۆڤاری "ئێوه" و مێدیای "ئاوێنه"دا بڵاو بۆته‌وه.
پرسیار: ئێوه بۆچی له‌م كۆنگره‌یه‌دا ناوی حیزبتان نه‌گۆڕی؟ بۆچی دروشمی حیزب و ئارمی حیزبتان گۆڕی به‌ڵام ناوی حیزب وه‌ک خۆی مایه‌وه؟
- سه‌ره‌تا با دوو شت راست بكه‌مه‌وه. كۆنگره‌ی چارده ته‌نیا بڕیاری گۆڕینی ئارمه‌كه‌ی په‌سند كردووه و ئه‌وه كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی هه‌ڵبژێردراوه كه ده‌بێ له‌سه‌ر هێمایه‌كی نوێ بڕیار بدات. هه‌رچی ناوی حیزبیشه، ئه‌وه كه گۆیا ئه‌و گۆڕانكاری‌یانه‌ی پێناسه‌ی حیزب كه ئه‌و كۆنگره‌یه په‌سه‌ندی كردوون ناوی حیزبی نه‌گرتۆته‌وه راست نیه، چونكه ناوی حیزبیش گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه. ئێمه له پاش 6 ی دێسامبری 2006ه‌وه تا كاتی به‌ستنی كۆنگره‌ی چارده به شێوه‌ی ره‌سمی له ژێر ناوی حیزبی دێموكڕاتی كوردستان - ئێران‌دا درێژه‌مان به خه‌بات و تێكۆشانی خۆمان داوه، به‌ڵام له كۆنگره‌دا ناوی حیزب كرا یان باشتر وایه بڵێم كرایه‌وه به حیزبی دێموكڕاتی كوردستان. كه‌وابوو ناوی حیزبیش گۆڕانكاریی تێدا پێك هاتووه. ئه‌نگیزه‌ی هه‌موو ده‌سكاری‌یه سیاسی‌یه‌کانیش یه‌ک شته كه ئه‌گه‌ر پوختی بكه‌مه‌وه بریتی‌یه له‌وه كه ئێمه به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و واقعییه‌ته سه‌خته‌ی مه‌سه‌له‌ی كورد كه هێشتا موعته‌به‌ره له خۆمان ون بكه‌ین، پێویست بوو خه‌ت و روومایه‌ك له هۆویه‌تی سیاسی بكه‌ینه هی خۆمان كه وڵامده‌ری ئاستی هه‌نووكه‌ی وشیاریی نه‌ته‌وه‌یی و قۆناغی ئه‌مڕۆی مه‌سه‌له‌ی كورد و داخوازی‌یه‌كانی گه‌له‌كه‌مان بێ. كۆنگره‌ی ئێمه ده‌رفه‌تی هاویشتنی چه‌ند شه‌قاوی دیكه بوو له‌ڕێی پوخت كردنه‌وه‌ی گوتاری نه‌ته‌وایه‌تیی كورده‌كانی رۆژهه‌ڵات به چه‌شنێك كه هێنده‌ی دیكه‌ش شوێنه‌واره‌کانی هێژێمۆنیی ئێ‌لیتی حاكم له ئێران و سنووربه‌ندی‌یه ئیدئۆلۆژیكه به‌سه‌رچووه‌كان له پێناسه‌ی جه‌وهه‌ریی مه‌وجوودییه‌تی سیاسیی خۆمان داماڵین. دیاره ئه‌و شتانه ته‌نیا به‌رهه‌می كاری ئێمه و ئه‌و كۆنگره‌یه‌مان نین و ده‌که‌ونه نێو چوارچێوه‌ی پرۆسه‌یه‌كه‌وه كه به شێوه و راده‌ی جیاواز له دوایین كۆنگره‌كانی حیزبه‌که‌ماندا وه‌ڕێ كه‌وتبوو و له‌لای ئه‌حزابی دیكه‌ی كوردی رۆژهه‌ڵاتیش به‌رچاو ده‌كه‌وێ. له روانگه‌ی منه‌وه هیچ كام له‌و گۆڕانكاری‌یانه پێوه‌ندی‌یان به له‌تبوونی حیزبه‌وه نیه و قه‌ناعه‌تم وایه كه به‌بێ له‌تبوونی حیزبیش پێویست بوو كۆنگره‌ی ئه‌مجاره ئه‌و گۆڕانكاری‌یانه بكات. ئێستا كه لایه‌نی به‌رامبه‌ری ئێمه‌ش كۆنگره‌ی له‌پێشه هیوادارم ئه‌وانیش گۆڕانكاریی له‌و چه‌شنه بكه‌ن، چونكه رۆژ رۆژی ئه‌وه‌یه كوردی رۆژهه‌ڵات قورس و قایمتر، باوه‌ڕبه‌خۆتر و یه‌كگرتووتر له رابردوو خۆی به‌وانی دیكه بناسێنێ و له‌گه‌ڵیان بكه‌وێته مامه‌ڵه‌وه. كرده‌وه‌ی هاوبه‌ش روانینی هاوبه‌ش و وتاری هاوبه‌شی ده‌وێ. بۆ ئه‌وه‌ش پێویسته پارته سیاسی‌یه‌کانمان له بواری خۆ پێناسه‌كردندا هه‌ماهه‌نگی‌یه‌كی لانیكه‌م زیمنی‌یان له‌گه‌ڵ یه‌کدی هه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی دواجار هه‌موویان پێكه‌وه به‌و ئاراسته‌یه‌دا بڕۆن كه له به‌رژه‌وه‌ندی بزوتنه‌وه‌دایه به‌بێ ئه‌وه‌ی مه‌ودای سیاسی و فكریی زۆر گه‌وره بخه‌نه نێوان خۆیانه‌وه.
پرسیار: ئایا ئه‌و ناوه‌ی په‌سندتان كردووه نابێته هۆی ئه‌وه‌ی كه كۆسپ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی‌یه‌كانتان دروست بكات له‌گه‌ڵ لایه‌نی به‌رامبه‌ر كه ئه‌وان له په‌یوه‌ندی‌دا له‌گه‌ڵ ئێوه مه‌رجی نا‌و گۆڕینیان دانابوو؟
- ئێمه له‌و كۆنگره‌یه‌دا هیچ بڕیارێكمان نه له‌داخ و نه له‌به‌ر دڵی ئه‌م لایه‌ن یا ئه‌و لایه‌ن نه‌داوه. بێ ئه‌وه‌ی له داوی ئه‌وه بكه‌وین كه هۆویه‌تێكی ساخته بۆخۆمان ساز بكه‌ین، له‌سه‌ر به‌سته‌ری حیزبی دێموكڕاتی مێژوویی ئه‌وه‌ی به دروستمان زانیوه بیهێڵینه‌وه هێشتوومانه‌ته‌وه و ئه‌وه‌ش كه پێمان وابووه ده‌بێ بگۆڕدرێ گۆڕیومانه. ئێستا ئایا ئه‌و ناوه‌ی حیزب كه له كۆنگره‌دا په‌سند كراوه چ كاریگه‌ری‌یه‌كی له‌سه‌ر پێوه‌ندیی نێوان ئێمه و هاوڕێیانی ئه‌وبه‌رمان ده‌بێ، هه‌ر ئێستا ئه‌وان به ده‌ركردنی راگه‌یاندراوێك وڵامی ئه‌م پرسیاره‌یان داوه‌ته‌وه كه هیوادارم ئه‌وه دوا قسه‌یان نه‌بێ. ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی وان ئه‌گه‌ر له نێوه‌رۆكدا چاوه‌ڕواننه‌كراو نه‌بوو، له ده‌ربڕیندا چاوی ڕه‌شی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كاڵ كرده‌وه كه به هۆی ئه‌و ته‌زاد و نه‌وه‌سانانه‌ی له راگه‌یاندنی وان‌دا به‌رامبه‌ر به ئێمه هه‌یه ئومێدێك له دڵیان‌دا چه‌كه‌ره‌ی كردبوو به‌وه كه ره‌نگه ئه‌و هاوڕێیانه‌مان به قه‌ناعه‌ت هێنان به راستی‌یه‌كان و به‌له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی یارمه‌تیده‌ر بن بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ته‌تبیع له نێوان ئێمه و ئه‌وان كه ئاره‌زووی دڵسۆزانی یه‌کڕیزیی كوردی رۆژهه‌ڵاته و ئێمه‌ش به ئیمانه‌وه پێشوازیی لێ ده‌که‌ین ده‌ست پێ بكات. له‌ڕاستیدا كێشه‌كه كێشه‌ی نا‌و نیه. دڵنیام ئه‌گه‌ر ئێمه ناوی خۆمان بنێین "پارتی ژینگه‌ی ئه‌فریقای جنووبی"یش، ئه‌وان هه‌ر به خه‌نیمی پله یه‌کی خۆیانمان ده‌زانن. ئێمه هه‌ر ئێستا دوو ناوی ته‌واو لێك جیاوازمان هه‌یه و ئه‌وان بۆخۆشیان ده‌زانن كه ئه‌و مه‌رجه‌یان چه‌نده ناڕه‌وا و چه‌ند ناواقعبینانه‌یه. كێشه‌كه كێشه‌ی ئه‌قلییه‌تێكه كه ده‌بێ بگۆڕدرێ. ئه‌و ئه‌قلییه‌ته ئه‌گه‌ر له رابردوودا بۆخۆشمان كارمان پێ كردبێ، ده‌ركه‌وتووه به زیانی گه‌له‌كه‌مانه و گه‌له‌كه‌مان لێی بێزاره. ئه‌وجار با شتێكت پێ بڵێم: ئه‌من ده‌مهه‌وێ رۆژێك ئه‌و دوو حیزبه له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی قایم یه‌ك بگرنه‌وه. دڵنیا به ئه‌گه‌ر چ له نا‌و و چ له هۆویه‌تی سیاسی‌دا زۆر لێك دوور كه‌وتینه‌وه، ئه‌وده‌م ئیدی قه‌ت یه‌ک ناگرینه‌وه!
پرسیار: مه‌سه‌له‌ی دروشمی ستراتیژی كه پێكهێنانی كۆماری كوردستانه له چوارچێوه‌ی ئێران‌دا جه‌نابتان له كتێبی "فیدرالیزم بۆ كورد، فیدرالیزم به كوردی"دا ئه‌م پێشنیاره‌تان كردووه. ئه‌مه داوا و پێشنیاری تۆ بوو بۆ كۆنگره؟
- ئه‌من چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌و نووسراوه‌یه‌دا ئه‌وه‌م گوتبوو و دواتریش له هه‌یئه‌تی نووسینه‌وه‌ی به‌رنامه و پێڕه‌وی حیزب‌دا كه تێیدا ئه‌ندام بووم باسم كردۆته‌وه. به‌ڵام نه‌خشی من له‌و تازه‌گه‌رییه‌دا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه كه كه‌سێك ده‌نگی خۆی ده‌خاته پاڵ رای گشتی و به هیچ جۆر ئیزن به خۆم ناده‌م بڵێم هی من بووه. نه‌ك هی من، به‌ڵكوو به‌ته‌نیا هی ئێمه‌ش نیه، هی مێژوویه‌كی ره‌سه‌نه كه چوارچراكه‌ی به درێژایی ئه‌و شه‌ست و چه‌ند ساڵه له هه‌ناوی هه‌موو شۆڕشگێڕانی وڵاتپارێزی كورددا بریسكه‌ی داوه. ئێمه ته‌نیا ئیلهاممان له‌و مێژووه وه‌رگرتۆته‌وه و پێم وایه وه‌ختی ئه‌وه هاتبوو ئه‌و كاره بكه‌ین.
پرسیار: ده‌ڵێن ئه‌م دروشمه تازه‌یه‌ی ئێوه هه‌ڵتان گرتووه هی پارتی ئازادیی كوردستانه. له‌و باره‌یه‌وه چ ده‌ڵێن؟
- ئه‌و نامیله‌که‌یه‌ی من كه ئیشاره‌ت پێ كرد دوو ساڵ پێش كۆنگره‌ی ئه‌و رێكخراوه ئازیزه نووسراوه. هه‌رچه‌ند دووپاتی ده‌که‌مه‌وه كه كه‌س به باوكی ئه‌و دروشمه تازه‌یه نازانم. وه‌ك پێشتر عه‌رزم كردی ئه‌من قازانجی گه‌له‌كه‌مان له‌وه‌دا ده‌بینم كه پارته سیاسی‌یه‌کانمان له‌سه‌ر ئه‌و شته بنه‌ڕ‌ه‌تی‌یانه‌ی پێوه‌ندی‌یان به چاره‌نووسی گه‌له‌كه‌مانه‌وه هه‌یه كۆك و هاوده‌نگ بن. ئه‌گه‌ر شتێك به قازانجی مه‌سه‌له‌كه‌مانه با هه‌موومان بیكه‌ین، گرینگ نییه كێ هه‌وه‌ڵ كردوویه‌تی. ئه‌وه جیا له‌وه كه كۆماری كوردستان ئیبداعی هیچ حه‌یی و حازرێك نییه. به‌ڵام سه‌باره‌ت به خودی دروشمه‌كه‌ی ئێمه و نزیكایه‌تیی له‌گه‌ڵ دروشمی پارتێكی دیكه، من پێم وایه ئه‌و دروشمه‌ی ئێمه زیاتر لاقی له‌سه‌ر عه‌رزێن چونكه هه‌ر له‌وێدا ده‌ڵێ كۆماری كوردستان له چوارچێوه‌ی ئێرانێكی دێموكراتیكی فیدراڵ‌دا. جیا له‌وه‌ش ده‌كرێ دوو كه‌س شتێك تاو بده‌نێ و وه‌ك یه‌كیشیان پێ هه‌ڵنه‌گیرێ.
پرسیار: دیارترین ئاڵوگۆڕه‌کانی كۆنگره چی بوون؟ ئایا ده‌توانین ئه‌م كۆنگره‌یه به كۆنگره‌ی ریفۆرمی حیزبی دێموكڕات نا‌و به‌رین كه بۆ یه‌كه‌م جاره 8 رۆژی خایاند؟
- ئه‌وه كه كۆنگره چه‌ند رۆژی خایاندووه به ته‌نیا خوودیی خۆی شتێك ناگه‌یه‌نێ. گرینگ ئه‌وه‌یه له‌و چه‌ند رۆژه‌دا چ كراوه. هه‌ر كۆنگره‌یه‌ک ده‌بێ له‌به‌ر رووناكایی ئه‌و دۆخه‌ی تێیدا ده‌به‌سترێ و ئه‌و چاوه‌ڕوانی‌یانه‌ی لێی ده‌كرێ هه‌ڵسه‌نگێندرێ. ئایا كۆنگره‌ی ئێمه كۆنگره‌ی ریفۆرم بوو؟ به دڵنیایی‌یه‌وه به‌ڵێ! ئایا كۆنگره‌ی هه‌موو ریفۆرمه‌كان بوو؟ به دڵنیایی‌یه‌وه نه‌خێر! به دڵنیایی‌یه‌وه بۆ پێداچوونه‌وه و نوێبوونه‌وه چه‌ند هێنده‌ی تر كار ماوه كه ده‌بێ له‌مه‌به‌دوا بكرێن. به زۆر هۆ به‌داخه‌وه نه‌مانتوانی خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی حیزب وه‌ك شایه‌ت و چاوه‌دێر بێنینه نێو كۆنگره. ته‌نیا ده‌توانم لێره‌دا وته‌ی كه‌سایه‌تی‌یه‌كی بێلایه‌ن كه حیساب له‌سه‌ر خۆی و بۆچوونه‌کانی ده‌کرێ و وه‌ك میوان له كۆنگره‌ی ئێمه‌دا به‌شدار بوو به نیشانه بێنمه‌وه كه پاش كۆنگره نووسیبووی ئه‌و كۆنگره‌یه كۆنگره‌یه‌ک بوو كه ده‌بوو نه‌ك هه‌ر ئه‌حزابی كورد و ئێرانی به‌ڵكوو هی ناوچه‌ش لێی فێر بن. ریزكردنی هه‌موو ئه‌و كارانه‌ی ئه‌و كۆنگره‌یه كردوونی له كه‌لامێكدا زۆر دژواره. بۆ من ئه‌و رێگایه‌ی ئێمه‌ی گه‌یانده ئه‌و ئاكامانه له خودی ئاكامه‌كان كه‌متر نییه. بۆ یه‌كه‌مجار له مێژووی حیزب‌دا له نزیك به ساڵێك به‌ر له كۆنگره‌وه كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك و رووناكبیران له پرۆسه‌ی شه‌ففافی ئاماده‌سازیی فكریی كۆنگره‌دا به‌شدار كران. به‌پێچه‌وانه‌ی كۆنگره‌کانی رابردوو كه هه‌میشه به‌رنامه و پێڕه‌وی پێشوو ده‌كرایه بنه‌مای ده‌سكاری‌یه‌كان، ئه‌م جاره ده‌قێكی ته‌واو تازه له به‌رنامه و پێڕه‌و بۆ باس و تاوتوێ خرایه به‌رده‌م كۆنگره. له كۆنگره‌دا فه‌زای یه‌كجار دێموكراتیك و ئاستی تێگه‌یشتوویی و به‌شداریی چالاكانه‌ی نوێنه‌ران به چه‌شنێك بوون كه له زۆر بڕگه‌دا باسه‌كان زۆر زیاتر له راده‌ی ماقووڵیان ده‌خایاند و كۆنگره به ئیستلاح قوربانیی ده‌ستی سه‌ركه‌وتنی خۆی بوو. بۆ من زۆر خۆش بوو كه ئێستاش كه‌س نه‌یتوانی ئه‌ساسێكی ناعه‌قلانی بۆ دابه‌ش كردنی به‌شدارانی كۆنگره‌م بداتێ و به‌هه‌ق كۆنگره كۆنگره‌ی گوڵ كردنی هزر و هه‌ڵوێستی تاكه‌کان بوو. له‌باری سیاسی‌یه‌وه دیارترین ئاڵوگۆڕ قووڵكردنه‌وه و پوخت كردنه‌وه‌ی ویست و وتاری نه‌ته‌وایه‌تی بوو. ئێمه هه‌روه‌ها شارتێكی حقووقیی ده‌وڵه‌مه‌ندترمان بۆ نیهاده‌كانی حكوومه‌تی كوردستان ته‌نزیم كرد و خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێشمان له سۆسیالیزمی دێموكراتیك په‌سند كرد (ئه‌گه‌رچی بۆچوونی خۆم ئه‌وه بوو که به ئامانجی دوارۆژ ناوی نه‌به‌ین). له ئاستی نێوخۆی حیزب‌دا گرینگی‌دان به موشاركه‌تی دێموكراتیك و نه‌خشی به‌ده‌نه، دێسانترالیزه كردنی ده‌سه‌ڵات و ئیجماعی كردنی مێكانیزمی بڕیاردان، رێزگرتنی ره‌نگاوڕه‌نگی‌یه‌كانی نێو حیزب و به‌ره‌سمی ناسینی مافی پێكهێنانی گرووپ و ره‌وتی فیكری له حیزب‌دا، قبوو‌ڵ كردنی مافی راده‌ربڕین و ره‌خنه‌گرتنی ئه‌ندامانی حیزب ته‌نانه‌ت له ده‌ره‌وه‌ی حیزب‌دا، و هه‌روه‌ها هێندێك گۆڕانكاری له ستروكتوری رێبه‌رایه‌تی و دانانی هێندێك ئۆرگانی نوێ وه‌ك ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه و پلاندانان شیاوی ئاماژه پێكردنن. جیا له‌مانه‌ش به په‌سند كرانه‌وه‌ی ده‌قی هێڵه گشتی‌یه‌كانی رێبازی ئێمه له راپۆرتدا و په‌سند كرانی كۆمه‌ڵێك بڕیارنامه هێندێك پره‌نسیپی نوێ له بواری به‌خۆداچوونه‌وه و مایه‌دانان بۆ را و بۆچوونی خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی حیزب و رێكاره‌كانی به‌ستنه‌وه‌ی زیاتری حیزب به كۆمه‌ڵگا و ئه‌كتیڤتر كردنی چه‌رخی تێكۆشانی حیزب له بواره جۆربه‌جۆره‌کاندا باشتر نه‌هادینه بوون. شتێكی دیكه كه جێی خۆیه‌تی قامكی له‌سه‌ر دا بنێم ده‌ستاوده‌ست كردنی ده‌سه‌ڵاته: ئه‌گه‌ر هه‌تا ئێستا ئه‌و بۆچوونه باو بوو كه نه‌سلی سێهه‌م و چواره‌می حیزبی دێموكڕات قه‌ت مه‌یدانی خۆ تاقیكردنه‌وه‌ی راسته‌قینه‌یان پێ نه‌دراوه، له ئه‌نجامی ئه‌و كۆنگره‌یه‌دا ئه‌و ده‌ره‌تانه به ته‌واوی دروست بوو. سه‌ره‌نجام پێم خۆشه بڵێم كه ئه‌و كۆنگره‌یه كه بێگوومان كه‌موكوڕیی خۆیشی هه‌بوو، له‌و باره‌وه تایبه‌تی بوو كه به شێوه‌ی نه‌گوتراو سه‌نتێزێكی مه‌عقوولی ساز كرد له‌نێوان نوێبوونه‌وه و ره‌سه‌نایه‌تیدا، له‌نێوان ئیدئالیسم و واقیعگه‌رایی‌دا، له‌نێوان ئازادی و ئینسجام‌دا.
پرسیار: تۆ وه‌ك گه‌نجترین ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كه كۆنگره هه‌ڵی بژاردووی تا چه‌ند پێت وایه كه ئه‌م كۆنگره‌یه توانی به‌شداریی ژنان و گه‌نجان دابین بكات؟
- ئێمه هه‌م له كۆنفڕانسه‌كانی پێش كۆنگره‌دا و هه‌م له خوودی كۆنگره‌دا مێكانیزمی تایبه‌تمان بۆ هه‌ڵبژاردنی ژنان دانابوو. له ئاكامدا رێژه‌ی نوێنه‌رانی ژنی به‌شدار له كۆنگره‌دا گه‌یشته چوار هێنده‌ی رێژه‌ی به‌شداری‌یان له كۆنگره‌كانی پێشوودا و ژماره‌یه‌كیش له تێكۆشه‌رانی ژن هاتنه نێو رێبه‌رایه‌تیی حیزب. هه‌ر ئێستا پێنج ژن ئه‌ندامی رێبه‌رایه‌تیی حیزبن كه سێ كه‌سیان ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیین و پێشبینی ده‌كه‌م پاش دیاری كرانی راوێژكارانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی ژماره‌ی یه‌كجاری‌یان له رێبه‌رایه‌تیی حیزب‌دا بگاته حه‌وت تا هه‌شت كه‌س، شتێك كه له مێژووی حیزب‌دا ته‌واو بێوێنه‌یه. سه‌باره‌ت به لاوان نه له كۆنفڕانسه‌كان‌دا و نه له كۆنگره‌دا هیچ مێكانیزمێكی تایبه‌ت له نه‌زه‌ر نه‌گیرابوو كه ده‌کرێ ئه‌وه وه‌ك كه‌مایه‌سی‌یه‌ك چاو لێ بكه‌ین. به‌و حاڵه‌ش لانیكه‌م زیاتر له یه‌ك له سێی نوێنه‌رانی كۆنگره له لاوان پێك هاتبوو و له كاتی هه‌ڵبژاردنی رێبه‌ریی حیزبیشدا ئه‌گه‌رچی جگه له یه‌ك كه‌س ته‌واوی ئه‌و هاوڕێ به‌ئه‌زموونانه‌ی چاوه‌ڕوانیی خۆ كاندید كردنیان لێ ده‌کرا خۆیان كاندید كرد و له‌حاڵێكدا ژماره‌ی ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ر وه‌ک خۆی مایه‌وه ( 21 كه‌س)، به‌ڵام پێنج شه‌ش كه‌س له كادره لاوه‌کانی حیزب وه‌ك ئه‌ندامی ئه‌سڵیی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژێردران. ده‌زانم به‌شداریی سیاسی ته‌نیا له هه‌ڵبژاردن‌دا چڕ نابێته‌وه، به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ پێم وایه كۆنگره‌ی چارده بۆ به‌شداریی ژنان و لاوان له به‌ڕێوه‌بردنی حیزب‌دا نه‌مامێكی چاكی چه‌قاندووه.
پرسیار: له‌و كۆنگره‌یه‌دا كه‌سانی دێرینی نێو حیزبی دێموكڕات وه‌ك مامۆستا عه‌بدوڵڵای حه‌سه‌ن زاده، جه‌لیل گادانی، ...هتد كۆمیسیۆنێكیان پێك هێنا‌وه. ده‌ڵێن ئه‌م كۆمیسیۆنه له ژێره‌وه به‌رنامه بۆ حیزب داده‌نێ و سه‌ركردایه‌تیی له ده‌ست‌دا ده‌بێ و سه‌ركردایه‌تیی حیزب ناتوانێ بێ ئه‌م كۆمیسیۆنه هیچ كارێك بكات. وایه؟
- جارێ ئه‌و كۆمسیۆنه ته‌نیا له‌و كه‌سه دێرینانه‌ی ناوت بردن پێك نه‌هاتووه و زۆربه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌و كۆمیسیۆنه سه‌ر به نه‌سلی تێكۆشه‌رانی پاش ئینقلابی ئێرانن. پاشان ئه‌وه ئه‌وان نه‌بوون كه ئه‌و كۆمیسیۆنه‌یان پێك هێنا، به‌ڵكوو ئه‌و ئۆرگانه له‌ژێر ناوی كۆمیسۆنی پارێزگاری له ئه‌ساسنامه‌ی حیزب له ده‌قی ئه‌و به‌رنامه و پێڕه‌وه‌دا هاتووه كه گه‌ڵاڵه‌كه‌ی به هاوفكری له‌گه‌ڵ رووناكبیران و به هیممه‌تی كه‌سانی كارناس له بواری یاسا و سیستمه دێموكراتیكه‌كاندا ئاماده كرابوو و كۆنگره‌ش په‌سندی كرد. ئه‌و كۆمیسیۆنه ئه‌گه‌رچی سروشتی كاره‌كه‌ی تازه‌تره، به‌ڵام له حیزبی دێموكڕاتدا بێ پێشینه نییه و پێشتریش ئۆرگانی له‌و چه‌شنه‌مان هه‌بووه. هه‌میشه له سیستمه دێموكراتیكه ده‌وڵه‌تی و غه‌یره ده‌وڵه‌تی‌یه‌کاندا ئۆرگانێك بۆ پێڕاگه‌یشتنی ئه‌و سکاڵایانه پێك دێ كه پێوه‌ندی‌یان به چۆنیه‌تیی جێبه‌جێ كردنی یاسای بنه‌ڕه‌تی‌یه‌وه هه‌یه. ئه‌و كۆمیسیۆنه شتێك نیه جگه له‌مه به‌ڵام له ئاستی نێوخۆیی حیزبێكدا. له‌لایه‌کی دیكه‌وه ناكۆكی‌یه‌کانی پێش له‌تبوونی حیزب نیشانیان دا كه خوودی به‌رنامه و پێڕه‌و ده‌کرێ وه‌ك ئامرازێك بۆ مونقه‌لیب كردنی مێكانیزمه دێموكراتیكه‌كان و ته‌جاوز به رووحی مه‌تن به‌كار ببرێ. بۆیه دانانی ئه‌و كۆمیسیۆنه له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه مووه‌جه بوو. به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌و تیر و توانج و نا‌و و ناتۆرانه‌ی ئه‌م رۆژانه له‌و ئۆرگانه ده‌درێ، بۆ ئاگاداریتان ئه‌م كۆمیسیۆنه هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی ئیجرایی نییه و سه‌ڵاحییه‌تی هیچ به‌رنامه‌دانانێكیشی نییه. بۆ نموونه ئێستا كه سێ حه‌وتوو له ته‌واوبوونی سه‌ركه‌وتووانه‌ی كۆنگره تێ‌ده‌په‌ڕێ، ته‌واوی ئۆرگانه هه‌ڵبژێراوه‌كان و زۆربه‌ی كۆمیسیۆنه‌کان چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌یان گرتووه به‌ڵام ئه‌و كۆمیسیۆنه تاقه یه‌ک كۆبوونه‌وه‌شی نه‌گرتووه. هۆیه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه به‌پێی سروشتی حقووقیی كاره‌كه‌ی هه‌تا سكاڵایه‌كی ئه‌ساسنامه‌یی نه‌یه‌ته گۆڕێ ئه‌و كۆمیسیۆنه كارێكی نییه و ده‌کرێ بڵێین خه‌وتوویه تا ئه‌و وه‌خته‌ی هه‌ڵی ده‌ستێنن. لێم گه‌ڕێ بڵێم تۆمه‌ت لێدانی ناڕه‌وا و پێش وه‌خت له‌و كۆمیسیۆنه و له پێكهاته‌كه‌ی گوێزه‌بانی كۆنگره‌یه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌ستی چه‌پڵه لێدان بۆ خۆكشانه‌وه‌ی ئازایانه‌ی تێكۆشه‌ره به‌ته‌مه‌نه‌كانیان نییه.
پرسیار: بۆچی له‌و كۆنگره‌یه‌دا سكرتێرتان دیاری نه‌کرد؟ ئایا له‌به‌ر ئه‌وه بوو كه وه‌ك ده‌ڵێن یه‌کترتان قبوو‌ڵ نه‌بوو؟
- ئێمه له‌و كۆنگره‌یه‌دا له رێگای هه‌ڵبژاردنی ته‌واو كراوه رێبه‌ری‌یه‌كی شایسته‌مان هه‌ڵبژارد كه هه‌موو ئه‌و ره‌نگاوره‌نگی‌یانه‌ی ده‌کرێ له پێكهاته‌ی حیزبێكی وه‌ك حیزبی ئێمه‌دا هه‌بن له‌وێدا ره‌نگدانه‌وه‌یان هه‌یه. ئه‌گه‌ر یه‌کترمان قبوو‌ڵ نه‌کردبا ره‌نگ بوو به‌و ئاكامه نه‌گه‌یشتباین. هه‌ر ئێستا ته‌واوی ره‌دیفه‌كانی رێبه‌رایه‌تیی حیزب به ده‌فته‌ری سیاسی و جێگر سكرتێره‌كانیشه‌وه هه‌ڵبژێردراون و كه‌م و زۆر ته‌قسیمی كاریش كراوه. به‌رپرسی یه‌که‌می حیزبیشمان هه‌ڵبژاردووه و ته‌واوی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌شی له ئیختیار نراوه كه سكرتێری گشتیی حیزب ده‌توانێ هه‌یبێ. به‌ڵام ئه‌وه كه جارێ به سكرتێر ناوی نابه‌ین له‌سه‌ر خواستی خۆی و له‌به‌ر وه‌زعییه‌تی تایبه‌تیی خۆیه‌تی. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئۆگرییم به سكرتێره‌کانی تا ئێستای حیزبی دێموكڕات، بۆ من یه‌كێك له خاڵه ئه‌رێنی‌یه‌کانی ئاكامی ئه‌و كۆنگره‌یه ئه‌وه بوو كه له‌و باره‌وه جۆرێك ئوبوهه‌ت زو‌دایی كرد و گیانێكی نوێی كرده‌وه به‌ر چه‌مكی رێبه‌ریی به‌كۆمه‌ڵ.
پرسیار: مه‌سه‌له‌ی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ حیزبه كوردی‌یه‌كان به‌تایبه‌تی پژاك و پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ حیزبه ئێرانی‌یه‌كان به‌تایبه‌تی موجاهیدینی خه‌ڵق چۆن باس كرا؟
- ئێمه له بڕیار و په‌سند كراوه‌كانی كۆنگره‌دا سه‌باره‌ت به هێزه كوردستانی‌یه‌کان جگه له هاوڕێیانی ئه‌وبه‌رمان ئیشاره‌مان به هیچ پارت و لایه‌نێكی تایبه‌تی نه‌کردووه. سه‌باره‌ت به هێزه ئێرانی‌یه‌كانیش روانینی خۆمان له داهاتووی سیاسیی ئێران ده‌ستنیشان كردووه و گوتوومانه له‌و پێناوه‌دا پێوانه‌ی ئه‌وله‌وییه‌ت له پێوه‌ندی‌یه‌كانماندا چییه. له كۆنگره‌دا مه‌سه‌له‌ی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هیچ كام له‌و دوو هێزه‌ی ناوت بردن نه‌هاته به‌ر باس چونكه ئوسووڵه‌ن ئه‌وه كاری كۆنگره نییه كه هه‌موو ئه‌و شتانه تاو و توێ بكات و بڕیاریان له‌سه‌ر بدا. به‌ڵام وه‌ک هه‌ڵوێست ده‌كرێ بڵێم كه ئێمه وه‌ك هێزێكی وڵاتپارێز چاو له پژاك ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئێستاش له‌و باوه‌ڕه‌داین سووككانی ئه‌و هێزه له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان‌دا ئه‌ساله‌تی نییه. هه‌رچی موجاهیدینیشه دابه‌ستنه‌وه‌ی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵیان له ئاجێندادا نییه.
پرسیار: ئایا مه‌سه‌له‌ی به ئه‌ندامبوونتان له كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌كانی ئێرانی فیدراڵ و ئه‌نترناسیۆناڵ سۆسیالیست‌دا باسی لێ كرا؟
- ئێمه له‌پاش له‌تبوونی حیزب له "هێڵه گشتی‌یه‌كانی رێبازی ئێمه"دا به بایه‌خه‌وه باسی ئه‌و كۆڕ و كۆمه‌ڵانه‌مان كردووه و كۆنگره‌ش ده‌قی هێڵه گشتی‌یه‌كانی وه‌ک پاشكۆی راپۆرتی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی په‌سند كردۆته‌وه. سروشتی‌یه كه هێزێكی وه‌ك حیزبی دێموكڕاتی كوردستان به‌رامبه‌ر به‌و جۆره كۆڕ و كۆمه‌ڵانه بێ‌ته‌فاوه‌ت نه‌بێ، هه‌روه‌ك چۆن كه ئه‌گه‌ر ئه‌و كۆڕ و كۆمه‌ڵانه‌ش بۆیان گرینگ بێ كه كوردی رۆژهه‌ڵات له‌وێدا نوێنه‌رایه‌تی‌یه‌كی راسته‌قینه‌ی هه‌بێ ناتوانن ئێمه نادیده بگرن. به‌ڵام له‌هه‌رحاڵدا ئێمه خه‌بات و تێكۆشانی خۆمان له‌سه‌ر ئاكامی مشت و مڕی پێوه‌ندیدار به‌و دوو رێكخراوه‌ی ناوت هێنان په‌ك ناخه‌ین. ئه‌گه‌ر شته‌که هه‌ر بۆ به‌ڕۆخ كێشانی ته‌بلیغاتی و حیزبی‌یانه‌یه، ئه‌وه چقڵێك له له‌شی گه‌له‌كه‌مان ده‌رناهێنێ. ئه‌گه‌ریش به‌ڕاستی له خه‌می میلله‌ته‌كه‌مان‌داین، پێویسته هه‌موومان پێكه‌وه له فكری لۆبیگه‌ری‌یه‌كی كاریگه‌ر و به‌كرده‌وه بۆ مه‌سه‌له‌ی بزوتنه‌وه‌كه‌مان‌دا بین و چیدیكه‌ش دڵی خۆمان به دیپڵۆماسیی ته‌عارووفاتی رازی نه‌كه‌ین.
پرسیار: مه‌سه‌له‌ی وتووێژ له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی له‌م كۆنگره‌یه‌دا چۆن باس كرا؟ ئایا ئاماده‌ن بۆ وتووێژ یان نا؟
- له كۆنگره‌دا باسێك له‌و مه‌سه‌له‌یه نه‌كراوه و سیاسه‌تی ئێمه‌ش له‌و پێوه‌ندی‌یه‌دا هه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌یه كه رێبه‌رایه‌تیی حیزبه‌که‌مان له‌پاش شه‌هید بوونی دوكتور قاسملوو رایگه‌یاندووه.
پرسیار: دوا پرسیارم پێوه‌ندیی به باری راگه‌یاندنی ئێوه و به‌تایبه‌تی ته‌له‌فزیۆنه‌که‌تانه‌وه هه‌یه. ئایا كورد كاناڵ هه‌ر وه‌ک خۆی ده‌مێنێته‌وه یان ده‌بێته كه‌ناڵێكی سه‌ربه‌خۆ؟
- هه‌موو ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی ئێمه له‌م دوایی‌یانه‌دا هاویشتوومانن به‌بێ راگه‌یاندنێكی به‌هێز ناتوانن زۆر دوورمان ببه‌ن. كوردكاناڵ هێشتا یه‌كجار زۆر دووره له‌و نوخته‌یه‌ی پێویستی‌یه‌كانی ئێمه و چاوه‌ڕوانی‌یه‌كانی خه‌ڵك وه‌دی بێنێ. هۆی سه‌ره‌كییش بۆ ئه‌مه گیروگرفتی ماڵی و فه‌ننی‌یه. هه‌وڵی ئێمه له كورتخایه‌ندا بۆ ئه‌وه‌یه كه به‌رنامه‌كانی سیغه‌ی ئێستای كوردكاناڵ ده‌وڵه‌مه‌ندتر و رێكوپێكتر بكرێن و دواتریش تێ‌ده‌كۆشین كه‌ناڵێكی تایبه‌ت به خۆمانمان هه‌بێ.












